لەم هەفتەیە بڕیاری خەرجكردنی مووچە دەدرێت، ئەوەیش دوای دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی عێراق لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەم چەند ڕۆژەدا هەرێمی كوردستان بڕی 120 ملیار لە داهاتی ناوخۆ بۆ دارایی عێراق دەنێرێت.
ئەوەش زانراوە، لەم هەفتەیە خەرجكردنی مووچە دەست پێ دەكات، ئەگەر عێراق هیچ بیانوویەك دروست نەكات، رۆژی چوارشەم پارەكە دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ڕۆژی سێشەم 16ـی كانوونی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لیستی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بەغدا كرا.
ئاماژە بەوەش كراوە، لیستەكە لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی شاری بەغدا كرا، بڕیارە سبەی چوارشەم ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ بكرێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە لیستی مووچەی مانگی 10 و 11 شیان لەلایە و تا ئێستە عێراق مووچەكانیانی نەناردووە، هەروەها ئێستە هەناردەی نەوت بەردەوامە و هەرێمی كوردستان ئێستە بڕی 120 ملیار دیناریشی وەك داهاتی ناوخۆ ئامادە كردووە.