عەتا محەمەد: قەرەبووی لافاوەكەی چەمچەماڵ بۆ هەر ماڵێك لە 400 هەزار تا چوار ملیۆن دینارە

:: AM:11:26:22/12/2025 ‌
لێپرسراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕای گەیاند، ئەو پارەیەی كە بۆ چەمچەماڵ كۆ كراوەتەوە گەیشتووەتە 13 ملیار دینار. دەشڵێت، كەمترین بڕی پارە كە وەك قەرەبوو دەدرێتە هاووڵاتییان 400 هەزار دینارە، زۆرترین بڕی هاوكاریش چوار ملیۆن و 900 هەزار دینارە.

عەتا محەمەد ئەمڕۆ دووشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "كارەكانی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەواتوانی چەمچەماڵ بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت، لەڕووی تەناهییەوە كۆنترۆڵی باشی ئەو هۆڵە كراوە كە چەكەكانی لێ دابەش دەكرێت، خەڵكەكە بەشێوازێكی زۆر ڕێكوپێك هاتوونەتە ژوورەوە، تیمەكان هەر كەسێك فۆرمی تایبەتیان بۆ كردووە و لیژنەكان پەسندیان كردووە و چەكەكان ئامادەن، بۆردی چاودێری بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پشكنین بۆ فۆرمەكان دەكات."

ئاماژەی بەوەش كرد، هەر ئەندامێكی بۆردەكە دەتوانێت داوای فۆرمی هاوكارییەكە و كارتی نیشتمانی كەسەكە بكات، پاشان لە كۆتاییدا تیمی ژمێریایی دانیشتوون و هەر كەسێك كۆپییەك لە فۆرمەكەی و چەكی پارەكەی وەردەگرێت، پاشان دەڕوات بۆ بانك بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پارەكەیان وەربگرن.

لێپرسراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت، ئەو كەسانەی ئەمڕۆ قەرەبووەكە وەردەگرن، 639 خێزانن و بانك تا 12ی شەو كراوە دەبێت بۆ ئەوەی تەواوی خەڵكەكە هاوكارییەكە وەربگرن.

لەبارەی قەرەبووی هاوكارییەكان، عەتا محەمەد روونی كردەوە، "ملیۆنێك دۆلاری تر لە ڕێگەیە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری بانكی چەرموو، بەوەش كۆی ئەو پارانەی كە بۆ زیانلێكەوتووان كۆ كراوەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 13 ملیار دینار".

ئەوەشی گوت، "ئەمڕۆ تەواوی ئەو 639 خێزانە قەرەبوو دەكرێنەوە كە لە قۆناغی یەكەمدا هاوكارییەكە وەردەگرن، كەمترین بڕی پارە لە 400 هەزار دینار دەست پێ دەكات بۆ چوار ملیۆن و 950 هەزار دینار، پارەكەش بەپێی زیانەكان دیاری كراوە و لیژنەكە وردبینیی تێدا كراوە".




وشە - سۆران عەزیز