عێراق هێنانی مریشك و هێلكەی لە 39 وڵاتەوە راگرت و بەرهەمی كوردستان دەكرێت

:: AM:11:33:23/12/2025 ‌
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەو نەخۆشییانەی بەهۆی پەلەوەرەوە دەگوازرێنەوە، بڕیاری داوە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە 39 وڵات ڕابگیرێت. تەنیا بەرهەمی كوردستان دەكرێت. 

بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست دەبێت، بەغدا و هەولێر گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و بریارە لەمەودوا تەنیا مریشك و هێلكەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

 جەمال حوسێن بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی رای گەیاند، لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتوون لەمەودوا 50%ی بەرهەمی مریشك و هێلكەی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بازاڕەكانی عێراق بكرێت.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زۆر بەرزە، ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار تۆن مریشك بەرهەم دەهێنێت، لە كاتێكدا خواستی ناوخۆ تەنیا 147 هەزار تۆنە. لەبارەی هێلكەش، بەرهەمی كوردستان گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 640 هەزار كارتۆن و 60% بەرهەمی كوردستان لە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ زیاترە.

"هەرێمی كوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 200 هەزار تۆن مریشكی بەستوو هەیە، دەتوانێت 75 هەزار تۆنی هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكات".



وشە - سۆران عەزیز