لە كابینەی نۆدا بەرهەمی ناوخۆی سامانی ئاژەڵ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە

:: PM:02:26:24/12/2025 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ رای گەیاند، پێویستیی ساڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ گۆشتی سوور 90 هەزار تۆنە. لەو بڕە 40 هەزار تۆنی لە ناوخۆدا بەرهەم دێت و 50 هەزار تۆنەكەی تری لە ڕێگەی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندووەوە پڕ دەكرێتەوە.

د. فیراس سدیق بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند، حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی هاوردەكردن، كارئاسانیی زۆری بۆ وەبەرهێنەران كردووە. هەر ئەمەش وایكردووە لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا  پڕۆژەكانی قەڵەوكردنی ئاژەڵ، لە 65 پڕۆژە زیاد ببێت بۆ 106 پڕۆژە. هاوكات ژمارەی ئاژەڵ لەم پڕۆژانەدا لە 21 هەزارەوە بەرز بێتەوە بۆ 128 هەزار سەرە ئاژەڵ.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، حكوومەتی هەرێم لەم كابینەیەدا كارێكی گەورە لە بواری سامانی ئاژەڵ كراوە، هێنانی ئاژەڵ و بەرهەمی ئاژەڵی بەهۆی بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ زۆر كەمی كردووە.

د. فیراس سدیق گوتی، پێویستیی ساڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ گۆشتی سوور 90 هەزار تۆنە. لەم بڕە 40 هەزار تۆنی لە ناوخۆدا بەرهەم دێت و 50 هەزار تۆنەكەی تری لە ڕێگەی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندووەوە پڕ دەكرێتەوە.

لە بواری بەرهەمهێنانی شیردا پێشكەوتنێكی بەرچاو تۆمار كراوە. فیراس دەڵێت:  "پێویستیی ساڵانەی هەرێم 500 هەزار تۆن شیرە و 300 هەزار تۆنی لە ناوخۆدا دابین دەكرێت. پێشتر بەرهەمی شیرەمەنیی ناوخۆیی لە پاكەتكراو لە بازاڕەكاندا دەگمەن بوو، بەڵام ئێستە پڕۆژەكانی تایبەت بەو بوارە لە 73 پڕۆژەوە بووەتە 82 پڕۆژە، گەشەكردنی ژمارەی مانگای شیردەر لە حەوت هەزار سەرەوە بەرز بووەتەوە بۆ 16 هەزار سەر، جۆرەها بەرهەمی شیرەمەنی بە براندی ناوخۆیی لە بازاڕەكاندا بەردەستن."




وشە - سۆران عەزیز