یاداشتنامەیەك لە نێوان ژووری بازرگانیی هەولێر و ژووری بازرگانیی ئۆزبەكستان واژوو كرا

:: PM:02:51:24/12/2025 ‌
لە چوارچێوەی فراوانكردنی پێوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكاندا، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئۆزبەكستان واژوو كرا.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەم 24ی كانوونی یەكەم رای گەیاند، یاداشتنامەكە بایەخ بە چەند سێكتەرێكی ستراتیجی دەدات لەوانە: پیشەسازیی خۆراك، تەكنەلۆجیای ئاودێری، كەرەستەی بیناسازی و كانزاكانی وەك مس و زێڕ. بەپێی دەقی لێكتێگەیشتنەكە، هەردوولا كار لەسەر رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان دەكەن لە بوارەكانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، ئەلیكترۆنی و گەشتیاری، بە سوودوەرگرتن لەو ئاسانكارییە یاساییانەی كە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان دابینی كردووە.

لە تەوەرێكی تری رێككەوتنەكەدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر واژوو كرا، باس لە پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن كراوە، بەتایبەتی هەوڵدان بۆ كردنەوەی هێڵێكی ئاسمانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و تەشقەند، ئەم هەنگاوەش وەك مەرجێكی بنەڕەتی بۆ خێراكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانكاری لە هاتوچۆی شاندە ئابوورییەكان و بەڕێوەبردنی پێشانگە نێودەوڵەتییە هاوبەشەكان، لە ساڵانی داهاتوودا هەژمار دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز