مه‌سعوود پزیشكیان پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێرانی راده‌ستی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد كه قه‌باره‌كه‌ی 14 تریلیۆن و 441 ملیار تمه‌نه، له‌و قه‌باره‌یه‌ش چوار سفری سه‌ر دراوی ئێرانی به فه‌رمی لادراوه.
ئه‌و قه‌باره‌یه له بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێران ئه‌گه‌ر به هه‌مان زمانی ساڵانی پێشتر بنووسین، ده‌كاته 14 هه‌زار و 441 تریلیۆن تمه‌ن، به‌ڵام چونكه پێوه‌ری دراوه‌كه گۆڕاوه، له ده‌ربڕیندا جیاوازیی هه‌یه، به‌ڵام له به‌هادا ئه‌گه‌ر به نرخی ئه‌مڕۆی دۆلار له بازاڕه‌كانی تاران بۆ هه‌ر دۆلارێك به 135 هه‌زار تمه‌ن لێكی بده‌ینه‌وه، ده‌كاته 110 ملیار دۆلار.
ره‌شنووسی بودجه‌كه،دوێنێ سێشه‌م راده‌ستی محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران كرا و دوای راده‌ستكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رای گه‌یاند، له یه‌كشه‌می داهاتووه‌وه هێڵه گشتییه‌كانی ئه‌و ره‌شنووسه ده‌خه‌نه به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له بواری ناوه‌ڕۆكی بودجه‌كه‌وه ئاشكرا كراون، بودجه‌ی به‌شێك له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و سه‌ربه رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد كراون.
بۆ نموونه بودجه‌ی ده‌نگ و ره‌نگی ئێران كه سه‌رجه‌م دامه‌زراوه میدیاییه‌كانی حكوومه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، به رێژه‌ی 21% زیاد كراوه و گه‌یه‌نراوه‌ته 33 تریلیۆن تمه‌ن، له‌و قه‌باره‌یه چوار سفره‌كه‌ش له‌به‌رچاو گیراوه. هه‌روه‌ها بودجه‌ی حه‌وزه‌ی علمییه یان قوتابخانه ئاینییه‌كانی قوم و شاره‌كانی تر، به رێژه‌ی 14% زیاد كراوه و گه‌یه‌نراوه‌ته 27 تریلیۆن تمه‌ن.
قه‌باره‌ی بودجه‌ی دامه‌زراوه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خومه‌ینی 16% زیاد كراوه و گه‌یه‌نراوه‌ته نزیكه‌ی 600 ملیار تمه‌ن.
هه‌ر به‌پێی بودجه‌كه، قه‌باره‌ی زیادكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان به 20% دیاری كراوه، ئه‌مه له كاتێكدایه رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له ئێران له پایزی ئه‌مساڵ به‌راورد به هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوو سه‌رووی 50%یه.
به‌پێی پڕۆژه‌یاسای نوێ بودجه‌ی ئێران، كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینان 14 ملیۆن تمه‌ن ده‌ستنیشان كراوه. هاوكات ئه‌وانه‌ی داهاتی مانگانه‌یان كه‌متره له 40 ملیۆن تمه‌ن، له پێدانی باجی داهات به‌خشراون.
داهاتی حكوومه‌ت له باج و ماڵیات به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێران، به رێژه‌ی 62% زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته 290 ملیار تمه‌ن، به پێوه‌ری لابردنی چوار سفر و 290 تریلیۆن تمه‌ن به پێوه‌ری جاران كه به دۆلار ده‌كاته دوو ملیار و 150 ملیۆن.
له بودجه‌كه‌دا باس له لابردنی دۆلاری پاڵپشتیكراو كراوه و روون كراوه‌ته‌وه، به‌م هه‌نگاوه 572 تریلیۆن تمه‌ن به داهات زیادی كردووه كه به دۆلار ده‌كاته چوار ملیار و 237 ملیۆن دۆلار.
جگه له‌مه حكوومه‌ت نرخێكی نوێی بۆ دۆلاری حكوومی ده‌ستنیشان كردووه كه بریتییه له 85 هه‌زار تمه‌ن بۆ هه‌ر دۆلارێك، له هاورده و هه‌نارده‌ی گومركی ده‌كرێته بنه‌ما كه بۆ یۆرۆیه‌ك 103 هه‌زار تمه‌نه.
بودجه‌ی ئه‌مساڵی ئێران كه ساڵی رابردوو دوو مانگ زووتر پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرا، بریتی بوو له 11 هه‌زار و 896 تریلیۆن تمه‌ن كه به به‌های ئه‌وكاتی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر تمه‌ن 66 هه‌زار تمه‌ن بوو و به‌های بودجه‌كه ده‌یكرده سه‌رووی 180 ملیار دۆلار. ئه‌مساڵ به‌های تمه‌ن بۆ نیوه دابه‌زیوه، به‌ڵام بودجه‌كه دوو هه‌زار تریلیۆن زیاد كراوه، كه‌چی له به‌های دۆلاردا 70 ملیار دۆلار كه‌می كردووه.