شارەزایەك: لە بری باجی كارتی پێوەندیكردن هەناردنی نەوت زیاد بكەن

:: PM:10:57:24/12/2025 ‌

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی خراپی ئابووری و جێبەجێكردنی بڕیاری زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری سەپاندنەوەی بڕی 20%ی باجی بەسەر كارتی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت دا، هەنگاوەكە ناڕەزایی خەڵكی لێ كەوتەوە، شارەزایەك چارەسەرێكی باشتر بۆ حكوومەتی عێراق دیاری دەكات.

د. نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، عێراق دەتوانێت بە خێرایی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری ساڵانەی دەست بكەوێت، ئەوە ئەگەر دەستبەرداری كەمكردنەوەی خۆیستانەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی گرووپی ئۆپێك پلەس بێت، كە بڕەكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.

روونی كردەوەن ئەو بڕە پارەی لەو كارە دەستی دەكەوێت دەكاتە 10 هێندی ئەو پارەی لە سەپاندنەوەی باج بەسەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت دەستی دەكەوێت.

بەرانبەر بە گەڕانەوەی باجی سەر كارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت، كە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخەكەی بۆ بەكارهێنەران، هاووڵاتییان بێزاری خۆیان دەردەبڕن، محەمەد عەلی خاوەن دوكانی فرۆشتنی كارتە دەڵێت، بڕیارەكە ئەوەندە كار لە ئێمە و كۆمپانیاكان ناكات ئەوەندەی كار لە خەڵك دەكات، چونكە ئێمەش نرخەكەی گران دەكەین، بۆیە ئەو باجە زیاتر دەكەوێتە سەر شانی بەكارهێنەران نەك كۆمپانیاكانی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت.

پەرلەمانی عێراق لە 2015 دەنگی لەسەر سەپاندنی 20% باج بەسەر كارتەكانی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت دا، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و دەستگرتنەوە، لە 2022 حكوومەتی سوودانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باجەكەی دا، كەچی دوێنێ حكوومەت جارێكی تر ئەو باجەی سەپاندەوە.

محەمەد حوسنی شارەزای ئابووری دووپاتی كردەوە كە ئەو باجەی بەسەر كۆمپانیاكانی پێوەندیكردن سەپێنراوە، بریتییە لە باجی داهات و كۆمپانیاكان پابەندن بە دانی و مافی ئەوەیان نییە لەخۆیانەوە نرخی كارت لەسەر هاووڵاتییان گران بكەن، كەچی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیان نرخی كارت لەسەر هاووڵاتی گران دەكەن، ئەوە رەوا نییە و پێویستە قەدەغە بكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل