بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا مووچە لە ساڵی داهاتوو بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت

:: AM:10:32:25/12/2025 ‌
بەپێی دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، پابەندیی خۆی بە رێككەوتنەكان لەگەڵ هەرێم دربڕیوە، ساڵی داهاتووش مووچە لەسەر بنەمای رێككەوتنەكان و یاسای بودجە گۆڕانكاری  بەسەدا دێت.

بەهۆی رێككەوتنی نەوت و داهات لە نێوان حكوومەت هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، ماوەی چەندان مانگە مووچەی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا خەرج دەكرێت و مانگانەش هەرێمی كوردستان 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت.

رێككەوتنەكانی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵە 31-12-2025، هەرێم چاوی لەوەیە بۆ ساڵی داهاتوو، لەگەڵ حكوومەتی نوێ ریككەوتنی نوێ بكات و داوای بودجە بكات، هاوكات پێشی وایە 120 ملیاری داهاتی ناوخۆ زۆرە و دەبێت كەم بكرێتەوە.

 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی بڕگەیەكی پێوەست بە هەرێمی كوردستان كراوە، دووپات كراوەتەوە دەبێت هەولێر و بەغدا پابەند بن بە ڕێككەوتنی پێشوو بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچە لە ساڵی داهاتوودا، ئەمەش تا رێككەوتنی نوێ و یان تا یاسای بودجە دەردەچیت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەی پێشوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی میزان موراجەعە - تەرازووی پێداچوونەوە، ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەكانی حكوومەتی كوردستان كراوە.

وەزیرەكانی تایبەت باسیان لەوە كردووە كارەكان باش بەڕێوە دەچن، رێككەوتنەكان وەك خۆیان جێبەجێ كراون و هیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە.

بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو هەناردەكردنی نەوت و فرۆشتنی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی، ناردنی لیستی مووچە و ڕاپۆرتی میزان مراجەعە لەلایەن حكوومەتی كوردستان، لە بەرانبەردا بەغدا كۆتایی هەموو مانگێك مووچە بنێرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تا پەسندكردنی بوجەی 2026 رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا وەك خۆی جێبەجێ دەبێت و مووچە وەك ئێستە  هەموو كۆتایی مانگێك دەدرێت.

لە كاتی رێككەوتنی نوێشدا كە حكوومەتی هەرێم كاری بۆ دەكات، داوای بودجە دەكات، ئەوكات وەك ساڵانی رابردوو بەشە بودجەی هەرێم ئەو رێژەیەی بۆی دانراوە لە بەغداوە دێت و خۆی لێرە مانگانە مووچەكە دەدات.



وشە - سۆران عەزیز