وەزارەتی كشتوكاڵ روونكردنەوە لەسەر كرینی پووش بەهای ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلار دەدات

:: AM:10:28:27/12/2025 ‌
 عێراق بووەتە وڵاتێك هەموو شت لە دەرەوە دەكرێت و خۆی جگە لە نەوت هیچی نەماوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، تەنیا لە ساڵی 2025دا بایی زیاتر لە ملیارێك دۆلار پووش لە بەرازیل كڕاوە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق هاووڵاتییان بەشێوەیەكی بەربڵاو، ئەو هەواڵەیان بڵاو كردەوە كە عێراق تەنانەت پووشیش لە دەرەوە دەكرێت، ئەمە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی ناچار كرد روونكردنەوە بدات.

لە روونكردنەوەی وەزارەتەكەدا هاتووە، ئەو دەنگۆیانەی دەكرێن راست نین كە بە بەهای زیاتر لە ملیارێك دۆلار، پووش هاوردە كرابێت.

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڵاوی كردەوە، چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە عێراق لە ماوەی ساڵی 2025دا، بە بەهای ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلار، پووشی لە وڵاتی بەڕازیل كڕیبێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو هەواڵانەی لەسەر ئەو پرسە بڵاو كراونەتەوە، زانیاریی لێكدژ بەرچاو دەكەون، ئاماژە بە كڕینی پووش كراوە، لە هەمان كاتدا باس لە كڕینی شەكر، سۆیا و گەنمەشامی كراوە، ئەمەش ناڕاستیی ئەو زانیارییانە دەردەخات و داواكارین لە هاووڵاتییان چاوكراوەتربن.



وشە - سۆران عەزیز