هه‌فته‌یه‌كی تر له بازاڕی بپرسه داخرا و له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌های زێڕ به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو گران بوو، له زۆربه‌ی رۆژه‌كانی هه‌فته‌كه‌دا ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاند.
جگه له رۆژی پێنجشه‌م كه گۆڕانكارییه‌كانی نرخی زێڕ به ره‌نگی سوور تۆمار كرا، له سه‌رجه‌م رۆژه‌كانی تری هه‌فته‌كه، نرخی زێڕ هه‌ڵكشا و چه‌ند سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌تر هه‌ر ئۆنسێكی به چوار هه‌زار و 532 دۆلار داخرا. به‌و پێیه ئۆنسی زێڕ له هه‌فته‌كه‌دا نزیكه‌ی 200 دۆلاری تری هاته سه‌ر.
دوێنێ هه‌ینی زێڕ بۆ ماوه‌یه‌ك نرخی چوار هه‌زار و 550 دۆلاریشی تۆمار كرد، به‌ڵام دواتر كه‌مێك دابه‌زیوه و به چوار هه‌زار و 532 داخرا.
له كۆتایی هه‌فته‌یه‌ك نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به چوار هه‌زار و 338 دۆلار داخرابوو، به‌و پێیه له یه‌ك هه‌فته‌دا 194 دۆلار هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ر ئۆنسێك زێڕ.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ دوو هه‌زار و 600 دۆلار بوو و هه‌زار و 940 دۆلاری هاتووه‌ته سه‌ر .
پێویسته بگوترێ ئه‌مساڵ بۆ جاری سێیه‌م بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، سوودی بانكی دابه‌زاند و ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ داده‌نرێت. پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه له ساڵی داهاتووش بانكه‌كه دیسان هانا بۆ دابه‌زاندنی رێژه‌ی سوودی بانكی به‌رێت.
جگه له دابه‌زینی رێژه‌ی سوودی بانكی، پرسی درێژه‌كێشانی جه‌نگی ئۆكراینا و بارگرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڤه‌نزوێلا، به گرنگترین هۆكاری هه‌ڵكشانی نرخی زێڕ داده‌نرێت.
به‌گشتی ناوه‌نده ئابووری و داراییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی باس له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده باس له دابه‌زینی ناكه‌ن.
گۆڵدمه‌ن ساكس پێشبینی كردووه نرخی زێڕ تا كۆتایی 2026 بگاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار. پاساوی سه‌ره‌كیی گۆڵدمه‌ن ساكس و زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و چاودێرانی بازاڕی زێڕ ئه‌وه‌یه، داخوازی بۆ كڕینی زێڕ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن بانكه ناوه‌ندییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ره تایبه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ داده‌نرێت.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ شه‌موو هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 900 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 772 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به یه‌ك ملیۆن و 20 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 142 هه‌زار و 450 دینار ده‌ستنیشان كراوه. زێڕنگری ئازورا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م نرخانه‌ی، ئۆنسێك زێڕی به چوار هه‌زار و 531 دۆلار كردووه‌ته بنه‌ما.
مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 له هه‌ولێر لە ژمارەیەک زێڕنگر به 905 هه‌زار دینار راگەیەنراوە و بە گشتی لە نێوان 900 تا 905 هەزار دینار دەفرۆشرێت و بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی نرخ پێوەندی بە کەمێک دابەزینی بەهای دینار هەیە.