نرخی مریشك لە دوێنێوە گران بووە، ئەندامێكی كۆمەڵەی پەلەوەرییەكان هۆكارەكەی بۆ زۆری خواست لەسەر كڕینی دەگەڕێنێتەوە كە ئێستە هەیە.
ئەمڕۆ شەموو 27ـی كانوونی یەكەم، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە رۆژی پێنجشەم تا ئێستە 600 دینار نرخی هەر كیلۆیەك مریشك گران بووە.
لەبارەی هۆكاری گرانبوونی گوتی، خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی مریشك هەیە، كەشوهەوا سارد بێت كڕیار زیاتر دەبێت، بۆیە نرخەكەی گران بووە.
باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك مریشك بە سێ هەزار و 400 دینارە، رۆژی چوارشەم نرخی كیلۆیەك مریشك بە دوو هەزار و 800 دینار بۆ سێ هەزار دینار بوو.
قەبارەی بەرهەمی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشكدا دەگاتە 270 هەزار تۆن، خواستیش لە ناوخۆی كوردستاندا 147 هەزار تۆن بەرهەمی مریشكە، لە هێلكەشدا لە ناوخۆ هەرێمی كوردستان پێوستی بە حەوت هەزار كارتۆن هەیە، بەڵام ئێستە رۆژانە بەرهەم دەگاتە 16 هەزار و 500 كارتۆن.