هۆكاری دەوڵەمەندبوونی زۆر و خێرا لە عێراق چییە؟

:: PM:05:07:27/12/2025 ‌

تێبینیی ئەوە دەكرێت لە عێراق ژمارەیەك كەس بێ بوونی پاشخان و باكگراوەندێكی پیشەسازی و بازرگانی، لە ماوەیەكی كورت و بەخێرایی بوونەتە خاوەن چەندان ملیۆن و ملیار دینار و دۆلار، توێژەرێك پێی وایە ئەوەی روو دەدات لە ئەنجامی ئابووریی سێبەرە نەك بەهۆی زیرەكیی وەبەرهێنان و كارسازیی راستەقینە.

حوسێن عومران توێژەر لە كاروباری ستراتیجی و سیاسی و ئاسایشی ناوچەیی ئاماژە دەكات، ئێستە عێراق پڕ بووە لەو كەسانەی بێ بوونی رابردووەكی بازرگانی و پیشەسازی، لە ماوەیەكی پێوانەیی بوونەتە خاوەنی چەندان ملیار دینار و دۆلار، ئەو هۆكارەكەی بۆ دوو خاڵ گەڕاندەوە، یەكەم/ یاریكردن بە نرخی دۆلار لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ و وەسڵی ساختە و وەهمی و حەواڵەی دۆلار، كە لە رێگەی چەند كۆمپانیا و بانكێكەوە دوور لە چاودێرییەكی راستەقینە دەكرێت، ئەوان دۆلاریان كردووەتە ئامرازێك بۆ قازانجێكی خەیاڵی بێ هیچ مەترسییەك یان زیادكردنی بەهایەك بۆ ئابووری وڵات، جیا لە سپیكردنەوەی پارەی گەندەڵی.

خاڵی دووەم بریتییە لە قاچاغی نەوت و بازاڕی سێبەر لە ناوچەكە، تەنگژەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی پێوەست بە ئێران، بازاڕێكی تری گەورەی بۆ نەوت دروست كردووە، عێراق بووەتە رێڕەوێكی زەوینی و دەریایی بۆ ئەو نەوتە، كاتێك نەوت بە ناونیشانی جیاواز و لە رێگە تۆڕێك كەشتی و ئاسانكاری فەرمی و نافەرمی دەفرۆشرێت، ئەوەش وای كردووە نەوت ببێتە نزیكترین رێگەبۆ خۆدەوڵمەندكردن. 

عومران وریایی لە ئەنجامە كارەساتبارەكانی ئەو كارانە دا و دووپاتی كردەوە كە ئەوانە وڵات بنیات نانێن و هەلی كاریش فەراهەم ناكەن، بگرە دەستەبژێرێكی مشەخۆری پێوەست بە سیاسەت و پارێزراو لە لایەن سیاسەتوانانەوە بەرهەم دێنێت كە رووبەڕووی هەر هەوڵێكی چاكسازی دەبنەوە، چونكە كار لە قازانجیان دەكات، ئەو دۆخە وەك رووخانێكی هێواشە و كار لە كۆمەڵگە دەكات و نەوەكانی قەناعەت بەوە دەكەن كە كاركردن و بەرهەمهێنان دەبەنگییە و كورتترین رێگە بۆ سەركەوتن دەوڵەمەندی رێگە تاریكەكەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل