دوای ئەوەی توركیا رای گەیاند كە رێككەوتنی رابردووی بۆری گواستنەوەی نەوت لەگەڵ عێراق نوێ ناكاتەوە، ئەو رێككەوتنەی لە مانگی تەمووزی 2026 كۆتایی دێت، عێراق دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ توركیا بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی نوێ یان نوێكردنەوەی كۆنەكە.
حەمدی شنگالی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ روونی كردەوە، حكوومەتی فیدراڵی خەریكی گفتوگۆی بەردەوامە لەگەڵ توركیا، كە ئەگەری هەیە رێككەوتنی نوێ فرەوانتر بكرێت و جیا لە نەوتی چەند كەرتی تر لە بواری وزە بگرێتەوە، وەك غاز و ئاو و كارەبا، دووپاتی كردەوە كە بەشدارینەكردنی حكوومەتی هەرێم لەو گفتوگۆیانە، دەبێتە هۆی لاوازكردنی هەڵوێستی عێراق، بۆیە یەكخستنی هەڵوێستەكان لە نێوان هەموو لایەنەكان گرنگە بۆ وەرگرتنی زیاترین سوود لە رێككەوتنەكە.
رێككەوتنی بۆری نەوتی نێوان عێراق و توركیا بۆ ساڵی 1973 دەگەڕێتەوە، بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆری بە خاكی توركیا لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بەرەو بەندەری جەیهان لە توركیا، بۆ هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی دنیا، رێككەوتنەكە لە 2010 گۆڕانكاری بەسەردا هات، بەڵام وەك بنەمای هەنادرەكردنی نەوتی عێراق لە رێگەی توركیا مایەوە و دەروازەیەكی ستراتیجیی گەیشتنی نەوتی عێراق بوو بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا.