ساڵی 2025 لە کوردستان بە قەبارەی دوو ملیار و 638 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە، 210 مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بە کۆمپانیاکان دراوە. بەهۆی ئەو قەبارە بەرزەی وەبەرهێنان 14 هەزار و 977 هەلی کار ڕەخسێنراوە.
بەپێی نوێترین خشتەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە، زۆرترین قەبارەی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەر هەولێر کەوتووە، لە ساڵی 2025 بە بڕی ملیارێک و 596 ملیۆن و 433 هەزار دۆلار وەبەرهێنان کراوە.
هەولێر لە رووی ژمارەی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنانیش لە ریزبەندی یەکەمدا دێت، لەو 210 مۆڵەتەی دراون 95یان لە هەولێر جێبەجێ کراون و زیاتر لە 45%ی مۆڵەتەکانی لەو ساڵەدا پێ بڕاوە.
دهۆک بە 46 پڕۆژە و قەبارەی وەبەرهێنانی 235 ملیۆن و 702 هەزار دۆلار لە ریزبەندی دووەمدا دێت و پاشان سلێمانی بە 28 مۆڵەت و قەبارەی وەبەرهێنانی 601 ملیۆن و 238 هەزار دۆلار لە ریزبەندیی سێیەمدا دێت.
ئیدارەی گەرمیان یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە لە ساڵی 2025دا قەبارەی وەبەرهێنانەکەی لە ریزبەندی چوارەمی کوردستاندا دێت، زیاتر لە هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان وەبەرهێنانی تێدا کراوە، کە قەبارەکەی 92 ملیۆن و 425 هەزار دۆلارە و 19 مۆڵەتی پرۆژەیش جێبەجێ کراون.
لە ئیدارەی راپەڕین بایی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە، مۆڵەت بە نۆ پڕۆژە دراوە تا لەو سنوورە جێبەجێ بکرێن. لە سۆران بە بڕی 33 ملیۆن و 790 هەزار دۆلار وەبەرهێنان کراوە و چوار پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە.
لە هەڵەبجە قەبارەی وەبەرهێنانەکەی 10 ملیۆن و 425 هەزار دۆلارە بووە، مۆڵەت بە چوار پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، هاوکات لە ئیدارەی زاخۆ بە بەهای 27 ملیۆن و 581 هەزار دۆلار وەبەرهێنان کراوە.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت کە بە 210 پڕۆژەکەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2025 توانراوە 14 هەزار و 977 هەلی کار لە کوردستان دابین بکرێت، زۆرترین هەلی کار لە هەولێر بووە کە ژمارەکەی حەوت هەزار و 314 هەلە.
لە رووی دابینکردنی هەلی کار، سلێمانی لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بەهۆی ئەو 28 پڕۆژەیەی لەو شارە جێبەجێ کراون چوار هەزار و 238 هەلی کار دابین کراون. لە دهۆک هەزار و 378 هەلی کار، لە گەرمیان هەزار و 209 هەلی کار و لە شوێنەکانی تر بە ژمارەی جیاواز هەلی کار دابین کراون.
بەهۆی هەموو ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2025 لە کوردستان مۆلەتی جێبەجێکردنیان پێ دراوە، شەش هەزار و 358 دۆنم زەوی تەرخان کراوە و زۆرترین رووبەری لە هەولێر بووە و کە سێ هەزار و 440 دۆنم دابین کراوە. لە دهۆک 926 دۆنم، لە سۆران 641 دۆنم و لە سلێمانی 581 دۆنم دابین کراوە.