وەزارەتێكی عێراق بە نیازە بۆ ساڵی داهاتوو بڕە پارەیەك بە قەرز بە هاووڵاتییان بدات، ئەو قەرزە بریتییە لە پێدانی 20 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی كانوونی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی عێراقدا هاتووە، بەنیازە لە ماوەی ساڵی 2026ـدا پاكێجێكی قەرز رابگەیەنین.
ئەوەش روون كراوەتەوە كە لە قۆناغی یەكەمدا، سوودمەندان ئەو كەسانەن كە پێشتر ناویان تۆمار كردووە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (مهن)ی وەزارەتەكەوە.
باس لەوەش كراوە، قەرزەكان بۆ ئەو كەسانەن كە ئارەزووی دەستپێكردنی پڕۆژەی خۆیان هەیە، قەرزەكانیش بەسەر سێ جۆردا دابەش كراون كە بریتین لە 20 ملیۆن دینار، 30 ملیۆن و 50 ملیۆن دینار، كۆی ئەوانەش هیچ سوودێكی ناچێتە سەر و ساڵانەش وەردەگیرێتەوە.
لەبارەی مەرجی ئەو قەرزە وەزارەتەكەی عێراق دەڵێت، بۆ هەریەك لەو ئۆفەرانە مەرجێك هەیە، ئەویش دامەزراندنی دوو كرێكارە لەو پڕۆژەیەی كە قەرزەكەی بۆ وەردەگیرێت.