فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی ناوی ئەو کەسەی ئاشکرای کرد کە بە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئێران دەستنیشان کراوە.
موهاجورانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە عەبدولناسر هیممەتی وەزیری پێشووی ئابووریی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی مەسعوود پزیشکیان بە سەرۆکی بانکی ناوەندی دەستنیشان کراوە و جێی محەمەدرەزا فەرزینی گرتووتەوە.
ئەو ئاماژەی داوە کە پڕۆسەی متمانەپێدان بە هیممەتی دوای ئەوە دێت کە شارەزایانی بواری بانکی پێیان باش بووە ئەو سەرۆکایەتیی بانکەکە بە ئەستۆ بگرێت.
جێی باسە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی پزیشکیان، عەبدولناسر هیممەتی سێ ئامانجی بۆ ئەرکە نوێیەکەی خۆی دەستنیشان کردووە کە بریتین لە جڵەوکردنی هەڵاوسان، کۆنترۆڵکردنی نرخی دراو لە رێی نەهێشتنی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی ناهاوسەنگیی بانکەکان و رێگریکردن لە راکێشانی لەرادەبەدەری پارە.
پێویستە بگوترێ رۆژی یەکشەم 28ی ئەم مانگە نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تاران گەیشتە 144 هەزار تمەن و ئەمەش بووەتە هۆی هەڵگیرساندنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران.
دەنگۆی گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی لە رۆژانی رابردوودا کەمێک کاریگەری خستبووە سەر بەهای تمەن و بەهاکەی بۆ 138 هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک گەڕاندبووەوە.
هیممەتی ئابووریناس و سیاسەتمەدارە و پێشتر پۆستی وەزارەتی ئابووری و بانکی ناوەندی بەدەستەوە بوو و تەنانەت پێشتر هەر لەسەر دابەزینی بەهای تمەن لە لایەن پەرلەمان رووبەرووی لێپرسینەوە و دورخستنەوە لە پۆستی بانکی ناوەندی کراوەتەوە.