رێژەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانەی عێراق دابەزی

:: PM:01:51:31/12/2025 ‌
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند رێژەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە عێراق دابەزیوە.

عەبدولزوهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە مانگێک پێشتر بە رێژەی 0.5% دابەزیوە.

ئەو روونی کردەوە رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەردا هاتووە و بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2024 بە رێژەی 1% کەمی کردووە.

وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق خستیە روو دابەزینی بەهای شتومەک لە چەندین کەرتی جیاواز رووی داوە لەوانەش، گەیاندن، خزمەتگوزاریی گشتی.

کەرتەکانی فێرکردن، گواستنەوە و خواردنگەکان هەمان نرخی مانگێک پێشتریان پاراستووە و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر نرخەکاندا نەهاتووە و تەنیا لە جگەرە، پێداویستیی ناو ماڵ و کەرتی تەندروستی و دەرمان بە رێژەیەکی کەم نرخەکان بەرز بوونەتەوە.

ئەو لە کۆتاییدا گوتی رێژەی هەڵاوسان زیاتر لە شەش مانگە رووی لە دابەزینە و جگە لە مانگی ئەیلوول کە کەمێک رێژەکەی هەڵکشابوو لە تەواوی مانگەکانی تر دابەزینی تۆمار کردووە.



وشە - سلێمان تاشان