لەساڵی 2025دا سێ ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە

:: AM:09:06:01/01/2026 ‌
بەپێی ئامارەكان تەنیا لەم دوو رۆژەی پێش سەری ساڵ زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە و پارێزگاریش رای گەیاند، لەساڵی 2025دا سێ ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە.

لە كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەولێری پایتەخت  بەرەوپێشەوە چووە.

بەهۆی ئامادەكارییەكان ساڵانە بۆ ئاهەنگەكانی سەری ساڵ و بۆنە تایبەتەكان، گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تەنانەت وڵاتانی دراوسێ، سەردانی هەولێر دەكەن.

شەوی رابردوو هەولێر بووە یەكێك لەدیارترین پایتەختەكانی ناوچەكە كە بەشێوەیەكی بێ وێنە پێشاوازی لەساڵی نوێ كرد و یارییە ئاگرینەكانی ئامادەبوانی  سەرسام كرد.

پارێزگاری هەولێر رای گەیاند ساڵی 2025 ساڵی خۆڕاگری خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو بەرانبەر ئاڵنگارییەكان، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، توانی لەناو قەیرانەكاندا دەیان پڕۆژەی ستراتیژی خزمەتگوزاریی بكات و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێكی تری ئەو پڕۆژانە دەكەونە خزمەت هاوڵاتییانەوە.

گوتی، لەساڵی 2025دا سێ ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە، تەنیا لەم دوو رۆژەدا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر.



وشە - سۆران عەزیز