ساڵی 2026 لە دەڤەری سۆران چەندان پرۆژەی ستراتیجی جێبەجێ دەكرێن

:: AM:10:32:03/01/2026 ‌
لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا پرۆژە گەورەكان لە دەڤەری سۆران دەكەونە كار و بڕیارە دووسایدكردنی ڕێگەی سۆران-مێرگەسۆر و لەوێشەوە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت تەواو بكرێت، هاوكات چەندان پرۆژەی ستراتیجی  تریش جێبەجێ بكرێن.

ئەمساڵ بۆ دەڤەری سۆران ساڵێكی گرنگ دەبێت و حكوومەتی هەرێم بریاری داوە چەندان پرۆەی گرنگ لەناوچەكە جێبەجێ بكات، ساڵی رابردووش كۆمەڵێك پرۆژەی جێبەجێ كرد.

هەژار حەكیم بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕای گەیاند، یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی ئیدارەی سۆران بۆ ساڵی 2026 بەدووسایدكردنی ڕێگەی سۆران-مێرگەسۆر و لەوێشەوە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت جێبەجێ دەكرێت.

ساڵی 2025 سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بریاری لە ماستەرپلانی گەشتیاری دا. بەوەش سۆران دەبێتە ناوچەیەكی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەكەدا، ئەو پڕۆژەیە بە تەواوی كاری لەسەر دەكرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها گرینگیدانی زیاتر بە ژێرخانی ڕێگەوبان بە مەبەستی ئاسانكاریی هاتوچۆی گەشتیاران لەم ساڵدا بەچڕی كاری لێدەكرێت.

ناوبراو ئەوەشی گوت، دەروازەی نێودەوڵەتیی كێلەشین، كە پارێزگای شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارۆچكەی سیدەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە ڕێكارەكانی كردنەوەی لە ساڵی ڕابردووە دەستی پێ كردووە.

 هاوكات باس لەوە كرد، پێشنیازی چەندان پڕۆژەی ستراتیژیی تر كراوە، پلانی تۆكمە دانراوە بۆ ساڵی 2026 لە ئیدارەی سۆران، چاوەڕوانی ڕەزامەندیین تا بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بكرێت و بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.




وشە - سۆران عەزیز