تمەن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەهاکەی بە رێژەی 6% بەرانبەر دۆلار هەڵکشابوو و ماوەیەک بوو دۆخەکەی لە ژێر کاریگەریی خۆپێشاندانەکانی ئێران پێچەوانە ببوویەوە بەڵام کەمێک لەمەوبەر دیسان رووی لە دابەزین کردەوە و زیاتر لە 3% لە بەهای تمەن شکا.
یەکشەمی رابردوو تمەن نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد و هەر دۆلارێکی گەیشتە 144 هەزار تمەن، ئەمە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە تاران و شارەکانی تری ئێران بەدواوە بووە کە تا ئێستە بەردەوامە.
تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو نرخی هەر دۆلارێک را 135 هەزار تمەن گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو و 6% لە بەهای تمەن بەرز ببوویەوە بەڵام ئێستە نوێترین نرخ کە بازاڕ و نووسینگەکانی دراو لە تاران بڵاویان کردووەتەوە نرخی هەر دۆلارێک بۆ 139 هەزار تمەن دابەزیوە.
هەر دۆلارێکی ئەمەریکا لە 10ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، واتە مانگێک و 25 رۆژ لەمەوبەر بە 108 هەزار تمەن دەفرۆشرا و نرخی دۆلار بەراورد بە نرخی ئێستەی تمەن 28% زیادی کردووە.
بە ڕای چاودێرانی ئابووری ئەگەر بەهای تمەن زیاتر بشکێت و جارێکی تر ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر رەوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و لەوانەیە زیاتر پەرە بستێنن و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ بچێتە دەرەوە.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوو کابینەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران عەبدولناسر هیممەتی بە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی دەستنیشان کرد.
عەبدولناسر هیممەتی سێ ئامانجی بۆ ئەرکە نوێیەکەی خۆی دەستنیشان کردووە کە بریتین لە جڵەوکردنی هەڵاوسان، کۆنترۆڵکردنی نرخی دراو لە رێی نەهێشتنی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی ناهاوسەنگیی بانکەکان و رێگریکردن لە راکێشانی لەرادەبەدەری پارە.
دیار نییە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئێران دەتوانێت پێش بە زیاتر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بگرێت یان نا هەر چەندە هەنگاوەکە پێویستی بەوە هەیە بانکی ناوەندی لەو دۆخە نالەبارە ئابوورییەدا پارە و دۆلارێکی زۆری بەدەست بگات و بەشێک لەو پارەیە بخاتە بازاڕەوە و کۆنترۆڵی نرخەکانی پێ بکات.