كێشەی مووچەی نزیكەی 30 هەزار خانەنشینی پێشمەرگە چارەسەر دەكرێت، هاوكات ئەم مانگە مووچەی چوار هەزار و 281 پێشمەرگەی تری خانەنشینكراو دەبەسترێت.
لە كۆتایی ساڵی 2024ـەوە، بەهۆی كەڵەكەبوونی دۆسیەكان و وردبینی لە یەكەكانی 70 و 80 كاتێكی زۆری ویست، حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە تا كۆتایی ئەمساڵی 2026 سەرجەم دۆسیەكان تەواو بكات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوو هەزار پلەدار كە فەرمانی خانەنشینییان هەیە، ئەمساڵ فەرمانی هەرێمییان بۆ دەردەچێت و مامەڵەكانیان دەست پێ دەكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، دەستیان بە ڕێكارەكانی خەرجكردنی شەش مووچەكە كردووە، بڕی 60 ملیار دینارمان پێویستە، هێشتا نازانرێت ئەم مانگە دەدرێت یان مانگی داهاتوو.
"ئەم مانگە مووچەی چوار هەزار و 281 پێشمەرگەی تری خانەنشینكراو دەبەسترێت، چوار مووچە بەیەكەوە وەردەگرن".
لیوا حاجی مەلا ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و كەمئەندامان، بە "وشە"ی گوت، لەم هەفتەیەدا ناوەكانی چوار هەزار و 281 پێشمەرگە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی كوردستان دەنێرین كە لە دوای مانگی هەشتەوە تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینی.