ستەمی عێراق بە داتا كە لە هەرێمی كوردستانی كردووە

:: PM:02:21:05/01/2026 ‌
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتێكی وردی لە ژێر ناوی "دۆسیەی دارایی و نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا" بڵاو كردەوە، بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، كەلێنێكی گەورە لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە هەیە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەغدا تەنیا 41٪ی كۆی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، كۆی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، گەیشتووەتە 58.3 تریلیۆن دینار، بەڵام حكوومەتی عێراق بەكردەیی تەنیا 24.3 تریلیۆن دیناری ناردووە كە دەكاتە 41%ی كۆی شایستەكان. ئەم بڕە پارەیەی نێردراوە تەنیا 3.9%ی كۆی بودجەی گشتیی عێراق پێكدەهێنێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە حكوومەتی فیدراڵ بڕی 165 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی تەرخان كردووە، بەڵام پشكی هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆژەكان و وەبەرهێنان "0%" بووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەككەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم.

لەبارەی شایستەی مووچەخۆران، ئاماژە بەوە دراوە كە لە ساڵانی 2023، 2024 و 2025دا، حكوومەتی فیدراڵ مووچەی 12 مانگی تەواوی ڕەوانە نەكردووە، ئەمەش وایكردووە كەلێنێكی دارایی گەورە دروست ببێت و شایستەی چەندان مانگی مووچەخۆران لای بەغدا بمێنێتەوە.
 
ڕاپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، زیانی 25 ملیار دۆلاری بە ئابووری عێراق گەیاندووە. حكوومەتی هەرێم نیازپاكیی خۆی پێشان دا و ئامادەیە بۆ هەناردەكردنی 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای "سۆمۆ"وە. هەروەها تەنیا لە ساڵی 2025دا، حكوومەتی هەرێم بڕی 919 ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی كردووە.

ئەم داتایانە دەریدەخەن كە جیاوازییەكی گەورە لە نێوان شایستە دەستوورییەكانی هەرێم و ئەو بڕە پارەیەی كە نێردراوە هەیە، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هەبووە.



وشە - رامیار جەواد