فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا داتا و زانیارییەکانی سێ ساڵی ڕابردووی بودجە و شایستە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بەغدا تەنیا 41٪ی شایستەکانی هەرێمی ناردووە و "گەمارۆی وەبەرهێنان"ی خستووەتە سەر کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە 21ی حوزەیرانی 2023 بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان شایستە دەستوورییەکان و خەرجیی کردەییدا هەیە.
بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە تەنیا 41٪ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنیا 3.9٪ی کۆی بودجەی عێراق پێک دەهێنێت، بەمەش هەرێم ڕووبەڕووی "کەلێنی گەورەی دارایی" کراوەتەوە.
لەبارەی بودجەی وەبەرهێنانەوە، ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە عێراق، بەڵام پشکی هەرێم "سفڕ" بووە، کە ئەمە بووەتە هۆی گوشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان و دروستبوونی "گەمارۆی وەبەرهێنان" لە هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی ترەوە و لە دۆسیەی نەوتدا، ئاماژە بەوە دراوە کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ئاداری 2023، زیانی 25 ملیار دۆلاری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. لە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەش لە کۆتاییەکانی 2025، حكوومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ" ناردووە.
سەبارەت بە مووچە، ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە و حكوومەتی فیدراڵ بۆ هەر یەک لە ساڵەکانی (2023، 2024، 2025)، مووچەی ساڵێکی بەتەواوی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندان مانگ.
لە بەرانبەردا، حكوومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٥ بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی، ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵ کردووە.