"بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غاز ناكۆكییەكانی بەغدا و هەولێر بەردەوام دەبێت"

:: PM:09:41:06/01/2026 ‌

 لە دوای نووسینەوە و پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە 2005، دۆسیەی نەوت و غاز یەكێك بووە لە هەستیارترین وە ئاڵۆزترین دۆسیەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەو بوارە گرنگە كە كەرتەكە وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە رێك بخات، ئەوەش گەورەترین ناكۆكیی سیاسی و دارایی لێ كەوتووەتەوە، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵ دراوە یاساكە لە پەرلەمان دەربكرێت، بەڵام تا ئێستە نەكراوە.

گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری نەوت و وزە دەڵێت، داوای دەركردنی یاسای نەوت و غاز تەنیا تایبەت نییە بە كورد یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو، بەڵكو خواستی هێزە سیاسییەكانی تریشە، چونكە یاساكە بەرژەوەندییەكی نیشتمانی بۆ هەموو عێراقییەكانی تیادایە و دەبێتە هۆی ئیدارەدانێكی باشی كەرتی نەوت و دەرگەی گەندەڵی لەو كەرتە گرنگە دادەخات و رێگری لە قۆرخكاری لە بڕیاردان و دەسەڵاتەكان لە دەوڵەت دەگرێت. 

روونی كردەوە، دەبوایە بەو یاسایە ئەرك و ماف و دەسەڵاتەكان لە نێوان هەموو لایەنەكانی پێوەندییان بە پیشەسازیی نەوتەوە هەیە رێك بخرایە، لەوانە حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگە بەرهەمهێنەرەكان، بەو شێوەی هاوبەشییەكی دادوەرانە لە ئیدارەدانی ئەو كەرتە هەبێت، بۆیە نەبوونی ئەو یاسایە بوار لەبەردەم لێكدانەوەی جیاواز بۆ دەقە دەستوورییەكان واڵا دەكات، ئەوەش كار لە سەقامگیریی سیاسەتی نەوتی و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكات.  

شێروانی ئاشكرای دەكات كە رێككەوتنێكی سیاسی لەسەر دەركردنی یاساكە لە خولی رابردووی پەرلەمان هەبوو و خرایە ناو بەرنامەی حكوومەت و پەرلەمان پەسندی كرد، دەبوایە لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنی حكوومەتەكە وەك یاسا دەربكرایە، بەڵام نەكرا و جارێكی تر دوا خرا، پێی وایە دواخستنی دەركردنی ئەو یاسایە وا دەكات دەرگە لەبەردەم ناكۆكییەكانی بەغدا و هەولێر واڵا بێت و ئیدارەدانی سامانی نەوت بكەوێتە دەست لێكدانەوەی سیاسییانە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل