عێراق باجی مۆبایل بەرز دەكاتەوە و نرخەكەی گران دەبێت

:: AM:10:40:07/01/2026 ‌
گەڕانەوەی باجی 20% بۆ سەر كارتەكانی مۆبایل و گرانبوونی سەتان كاڵای خۆراكی و پیشەسازی لە عێراق دەستی پێ كرد، ئەمەیش وایكردووە لە هاوردەی مۆبایلیش نرخەكەی گۆڕانكاری هەبێت. 

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی دووەم، دڵشاد نەوزاد لە بازاڕی مۆبایلفرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زنجیرەیەك ڕێكاری نوێی بۆ زیادكردنی داهاتی نانەوتی پەسند كردووە، تێیاندا ڕەسمی گومرگی بۆ مریشك و هێلكە و ئارد بۆ 30% بەرز كراوەتەوە.

زیاتر گوتی، حكوومەت بڕیاری داوە گومرگی سەر ئۆتۆمبێل بۆ 15% زیاد بكات، تێچووی وەرگرتنی بەشە خۆراكیشی بۆ هەزار دینار بەرز كردووەتەوە، لێكەوتەی ئەم بڕیارانە دەبێتە هۆی گرانبوونی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان.

دەشڵێت، لە پێش سەری ساڵ مۆبایلێكی U25 سامسونگ بە ملیۆنێك و 340 هەزار دینار بوو، ئێستە هەمان مۆبایل بە ملیۆنێك و 430 دینارە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دانانی ئەو باجەی لەسەر مۆبایل دانراوە لەگەڵ ناجێگیری نرخی دۆلار.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەو بڕیارانە ئێستە شێواوییەكی لە بازاڕەكانی عێراق دروست كردووە و پێشبینی ناڕەزایەتیی گەورەی هاووڵاتییانی لێ‌ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد