هەرێمی كوردستان بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتیی كشتوكاڵیی دوبەی دەكات

:: PM:01:17:14/01/2026 ‌
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك لە هەرێم گەشەكردنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ڕێژەی وەبەرهێنان لەم سێكتەرەدا لە 1.4%ـەوە بۆ زیاتر لە 8% بەرزبووەتەوە. هاوكات دەڵێت: بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك هەرێمی كوردستان بەشداریی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كشتوكاڵیی دوبەی دەكات. 

محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك بەشداریی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كشتوكاڵیی دوبەی دەكات، كە بڕیارە لە ڕۆژانی 26 بۆ 28ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. هاوشێوەی وڵاتانی بەشداربوو، بەشێكی تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە تا تێیدا بەرهەمە ناوخۆییەكانی كوردستان نمایش بكرێن و بناسێنرێن.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بە گۆڕانكارییەكی گەورە لە قەبارەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵیدا كرد و ڕای گەیاند، پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، ڕێژەی بەشداریی كەرتی كشتوكاڵ لە كۆی پرۆسەی وەبەرهێناندا تەنها 1.4% بووە، بەڵام  ئێستە ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ سەروو 8%، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی زیاتری حكوەمەتە بەم سێكتەرە ستراتیجییە.

لە لێدوانەكەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان محەمەد شوكری جەختی لەوە كردەوە، زۆربەی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەرەوە هاوردە دەكران، ئێستە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێن. 



وشە - سۆران عەزیز