"وشە" بە دواداچوونی لەسەر جیاوازی مامەڵەی نێوان دۆلاری سپی و شین كرد و دوای فەتواكەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دەركەوتووە كە نرخە جیاوازەكە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا بەیەك نرخ مامەڵە بەو دوو جۆرە دۆلارە ناكرێ.
دۆلاری شین و سپی
مەبەست لە دۆلاری شین و سپی بە واتای چاپی كۆن و نوێی دۆلار دێت، لەماوەی رابردوودا لە بازاڕی ئاڵۆگۆڕی دراو، نرخی نێوان ئەو جۆرە جیاوازی زۆری هەبوو، بە جۆرێك جیاوازییەكە تا چوار هەزار دینار ڕۆیشت، ئەوەیش بە تەواوی خەڵكی نیگەران كردبوو، بازاڕیشی بەدیوێكی تردا شێواند.
ئینجا نووسینگەكانی ئاڵۆگۆڕی دراو بۆ ئەوەی دۆلارە كۆنەكان لە بازاڕدا كەمبكەنەوە كاتێك كەسێك بڕێكی زۆر دۆلاری دەكڕی 30% تا 50% دۆلاری كۆنیان دەدا، ئەوەیش جیگەرانییەكی تر بوو لای هاووڵاتییان.
فەتوای شەرعی
ئەنجوومەنی باڵای فەتوانی كوردستان، دوێنی فەتوایەكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و جیاوازی نرخ لە نێوان دۆلاری شین و سپی، حەرامە و هیچ ئینكارییەكیش هەڵناگرێ.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا خۆیان گوتیان چاودێری بازاڕیان كردووە و دەركەوتووە كە دیاردەیەكی لەو جۆرە هەیە، بۆیە ئەو جۆرە مامەڵەیە حەرامە.
لە عورف و شەرع و مامەڵەی بازرگانیشدا هەر واهاتووە، كە گۆڕینی دراو بە دراو هیچ جیاوازییەكی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە مامەڵەكردن بە ناشەرعی و نا ڕەوا دەدەنرێت.
ئەمڕۆ چۆن بوو؟
دوای فەتواكە هێشتا جیاوازی نرخ لەنێوان دوو جۆرەكەی دۆلار ماوە، بەڵام بە ڕێژەیەكی زۆر جیاوازییەكە كەمبووەتەوە، پێشتر تا چوار هەزار دینار جیاوازی ڕۆیشت، ئەمڕۆ بە گوێرەی بە دواداچوونی "وشە" و قسەی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی بازاڕ جیاوازییەكە هاتووتە كەمتر لە هەزار دینار.
لە شەوقی عەلی خاوەنی نووسینگەی دۆلارە لە هەولێر پرسیمان، ئێستە 100 دۆلاری شین و 100 دۆلاری سپی چەند جیاوازی هەیە؟ لە وەڵامدا گوتی، ئەمڕۆ جیاوازییەكەی زۆر كەمبووەتەوە و بە 750 دینار تا 800 دینار جیاوازی مامەڵەی پێ كراوە.
ئەو پێی وابوو فەتواكە رۆڵی سەرەكی هەبووە لەچارەسەری ئەو كێشەیە، هیوایشی خواست كە لە داهاتوودا ئەو جیاوازیەیش نەمێنێ، چونكە خەڵك بە ترسەوە روو لە بازاڕی دۆلار دەكات بۆ كڕین و تەنانەت وای لێ هاتبوو ئەگەر كەسێك پارەیەكی زۆری بگۆڕیباوە بۆ دۆلار ئەوە، دەبوو لە چەند نووسینگەیەك كارەكە بكات بۆ ئەوەی دۆلاری چاپی كۆنی پێ نەدرێت.
جێی بیرهێنانەوەیە كە ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و 100 دۆلار بە 148 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.