نرخی هێلكەی سوور و سپی جیاوازە و عێراقییەكان سوورەكەیان بەدڵە

:: AM:10:35:18/01/2026 ‌
خواستێكی زۆر لەسەر هێلكەی سوور لە بازاڕەكاندا پەیدا بووە، بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن، هێلكەی سوور لە بازاڕ كەمە بۆیە نرخەكەی گرانە، خاوەن كێڵگەكانیش دەڵێن هێلكەی سوور پرۆتینی زیاترە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی كانوونی دووەم، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، خواستێكی زۆر لەسەر هێلكەی سوور بۆ شارەكانی عێراق هەیە.

زیاتر گوتی، ئێستە هێلكەی كوردستان بۆ شارەكانی عێراق دەچێت، بەڵام زۆرترین بازرگانی عێراقی داوای هێلكەی سوور دەكەن، ئەمەش وایكردووە نرخەكەی گران بێت، لە هەمان كاتدا رێنوێنیی پزیشكان كە پرۆتینی زۆری تێدایە، وایكردووە خەڵكی زیاتر ئارەزووی خواردنی بكەن.

زیاد تاریق بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوونی نرخ لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕای گەیاند، سەرەڕای جیاوازیی نرخ لە نێوان ئەو دوو جۆرەی هێلكە، نرخی هێلكە تا ئاستێك جێگیرە، هەروەها نرخی هێلكەی سپی بۆ هەر كارتۆنێك گەیشتووەتە 64 هەزار دینار، ئەمەش بەهۆی بەردەستبوونی بڕێكی زۆر لە بازاڕە ناوخۆییەكان دەگەڕێتەوە، هێلكەی سوور كارتۆنی بە 72 هەزار دینارە.

زیاتر گوتی، لە هەرێمی كوردستان پێداویستیی پارێزگاكانی تر بۆ هێلكەی سپی دابین دەكرێت، ئەمەش وایكردووە نرخەكەی تەبەقەیەك شەش هەزار دینار بێت، هەروەها جیاوازیی نرخەكانی نێوان هێلكەی سپی و سوور، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كێڵگانەی كە هێلكەی سوور بە ڕێژەیەكی سنووردار و بە نرخێكی زیاتر دەخەنە بازاڕەوە.

ئاماژە بەوەش دەكات، نرخی تەبەقەیەك هێلكەی سوور گەیشتووەتە حەوت هەزار دینار، بەڵام خاوەن دوكانەكان هەردوو جۆرەكە بە تاك و كۆ بە نرخی هەزار دینار بۆ چوار هێلكە دەفرۆشن.

بە گوتەی شارەزایان، هێلكەی سوور و سپی تەنیا لە جۆری مریشكدا جیاوازن. بەهای خۆراكییان هاوشێوەیە، تەنیا ئەوە نەبێت كە هێلكەی سپی بڕێكی زیاتری ترشی چەوریی ئۆمیگا سێی تێدایە.



وشە - رامیار جەواد