دەزگای خێرخوازیی بارزانی 67 بارهەڵگر پێداویستیی بۆ رۆژئاوای كوردستان نارد

:: PM:12:52:21/01/2026 ‌
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، ئەمڕۆ گەورەترین كاروانی هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە 67 بارهەڵگر پێكهاتووە، دەگاتە رۆژئاوای كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی كانوونی دووەم، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، "جەنابی سەرۆك بارزانی ڕایسپاردووین هەموو توانای خۆمان بۆ هاوكاریی خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان بخەینە كار".

مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەش كرد، "جگە لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان، دەبینە پردێكی بەهێز لە نێوان كوردانی رۆژئاوا لەگەڵ لایەن و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین لە رۆژئاوای كوردستان خزمەتی خوشك و برایانمان بكەین". 

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان، گەورەترین كاروانی هاوكاریی ئامادە كراوە و بە 67 بارهەڵگر، كە 22 جۆر پێكهاتەی جیاوازی لەخۆ گرتووە دەگاتە شارەكانی رۆژئاوای كوردستان".

دووپاتی لەوەش كردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا دەمێنێتەوە و خزمەتیان دەكات، تا ئەو كاتەی ئەوان پێویستیان بە هاوكاری بێت". 

ئاماژەی بەوەش كرد، "تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 150 كارمەند پێكهاتووە، لە ڕووی تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییان دەكەن، دووپاتی لەوەش كردەوە، ئەمە یەكەم كاروانی هاوكارییە دەگاتە رۆژئاوای كوردستان، دڵنیایی دا لەوەی كە هاوكارییەكان بە شێوەیەكی فراوان بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان ئاسایی دەبێتەوە".



وشە - سۆران عەزیز