وەزارەتی دارایی: یاری بە هەستی فەرمانبەران مەکەن

:: PM:08:30:25/01/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تا ئێستە هیچ بڕیار و ڕێنماییەک لە بەغداوە بۆ خەرجکردنی مووچەی ساڵی 2026 نەگەیشتووە. هۆشداریش دەدات، کە یاری بە هەست و سۆزی مووچەخۆران نەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەم 25ی کانوونى دووەمى 2026، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لێدوان و شیکردنەوەی نادروست لەسەر ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین ڕاستییەکان بۆ رای گشتی ڕوون بکەینەوە.

وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، تا ئێستە لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە، هیچ بڕیار و ڕێنماییەک لەبارەى ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتووەتە دەستیان و هیچ ڕێککەوتنێکی نوێش بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "وەزارەتی دارایی وەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لە جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە و هیچ کێشەیەک لەبەردەمماندا نییە بۆ ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە، تەنیا چاوەڕێی بڕیار و ڕێنمایی نوێین بۆ ساڵی 2026".

وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە ئەوانەی شارەزای ڕێککەوتنەکان نین و زانیاریی هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی "120 ملیار دینارەکە" بڵاو دەکەنەوە. وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، تکایە بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی، یاری بە هەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران مەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود