نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان گەیشتە بەرزترین نرخی كە لە مێژوودا تۆمار كرابێت، ئەوەیش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا دەگەڕێتەوە، ئێستە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێك و 71 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی كانوونی دووەم، دانا كەمال خاوەنی زێڕنگری دونیا، بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، هەرچەندە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق نرخەكەی بەپێی نرخی جیهانی دادەنرێت.
زیاتر گوتی، ئەو نرخە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو، بۆیە ناچار بووین ئێمەش نرخەكەی بەرز بكەینەوە، لەگەڵ رۆژی پێنجشەمدا 20 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێك بەرز بووەتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەو نرخەی ئەمڕۆ بۆ زێڕ لە كوردستان هەیە، بەرزترین نرخە لە مێژوودا تۆمار كرابێت بۆ كڕینی زێڕ.
بەگوتەی ئەو زێڕفرۆشە نرخی زێڕ بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:
یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 1,222,000 دینارە
یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێك و 71 هەزار دینارە
یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 919 هەزار دینارە
ئێستە لە بازاڕەكانی دنیا ئۆنسێك زێڕ گەیشتووەتە پێنج هەزار و 60 دۆلار.