نەوت گران بوو

:: AM:09:03:26/01/2026 ‌
ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێكی تر نرخی نەوتی گران كرد، بۆ هەر بەرمیلێك نرخەكەی 2% بەرزبوونەوە تۆمار كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی كانوونی دووەم، نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دێت گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكە بەردەوامیی هەیە.

لە بۆرسەی جیهان نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت 12 سەنت بەرز بووەوە كە دەكاتە 0.18% و گەیشتووەتە 66 دۆلار، هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێكساسی ئەمەریكیش 14 سەنت كە دەكاتە 0.23% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 61 دۆلار و 21 سەنت.

نرخی بەرمیلێك نەوتی ئۆپیكیش گەیشتە 63 دۆلار، ئەمەش بەرزبوونەوەیەكی نوێیە لە نرخەكەی لە سەرەتای ئەمساڵ تۆمار كرابێت.

میدیاكانی دنیا هۆكاری گرانبوونەكەی بۆ دواین لێدوانی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێننەوە كاتێك ڕۆژی پێنجشەم ڕای گەیاند، ئەمەریكا "كەشتییەكی" هەیە كە بەرەو ئێران دەڕوات، بەڵام هیوادارە ناچار نەبێت كەڵكی لێ وەربگیرێت. 

ترەمپ داوای لە تاران كرد خۆپێشاندەران نەكوژێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەست پێ نەكاتەوە، ئێرانیش وەڵامی دایەوە كە هەر هێرشێك وەك "جەنگێكی سەرانسەری دژی ئێمە" مامەڵەی لەگەڵ دەكات.


وشە - رامیار جەواد