ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بڕیارێكی دا و سەرجەم ئەو بڕیارانەشی هەڵوەشاندنەوە كە بۆ بڕینی دەرماڵەكان درابوون، داواشی لە وەزارەتی دارایی كرد راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی دووەم، لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئابووری عێراقدا هاتووە، ئەنجوومەنی ئابووری عێراق مشتومڕی لێبڕینی مووچە و دەرماڵەی یەكلا كردەوە.
پێشتر لە كۆبوونەوەی ژمارە 40ی ساڵی 2026ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار دراوە دەرماڵەی خزمەتی زانكۆیی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تەندروستی و پەروەردە، تەنیا بدرێت بەوانەی كە وانە دەڵێنەوە و بە هەموو فەرمانبەرێك و مامۆستایەك نەدرێت.
ئەم بڕیارە كاردانەوە و خۆپێشاندانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، فەرمانبەران بڕیارەكە رەت دەكەنەوە و مانگرتنیان راگەیاندووە، بۆیە دابەشكردنی مووچە لە عێراق راگیرابوو.
لە بەیاننامەیەكدا ئەنجوومەن دووپاتی كردەوە كە هیچ بەشێك لە مووچە یان دەرماڵە نابڕێت، دووپاتیشی لەوە كردەوە كە بڕیارەكە بە هیچ شێوەیەك پاشەكشە نییە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، وەزارەتی دارایی یەكەكانی خەرجكردنی ڕاسپاردووە كە لیستی مووچەی تەواو پێشكەش بكەن بەبێ هیچ لێبڕینێك، هەروەها ڕوونی كردەوە كە بڕیارەكە لەبارەی ددانپێدانانی بڕوانامەی ئەكادیمی پاشەكشە نییە، ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە كە پێشتر ڕەزامەندیی دروستیان بۆ خوێندن وەرگرتووە.