بەپێی نووسراوێك كە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە، تێیدا بەپێی چەند مەرجێك داوای لیستی مووچە دەكات كە لەسەر خەرجی راستەقینەی ساڵی رابردووە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی كانوونی دووەم، بەپێی نووسراوێك تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ، داوا لە هەموو لایەنەكان و یەكە ژمێریارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، لیست و خشتەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرەكانیان لەسەر میلاكی هەمیشەیی و گرێبەست رەوانە بكەن.
وەزیری دارایی فیدراڵ داوا دەكات لیستەكان بەو جۆرەی كە خەرجیی راستەقینەی ساڵی رابردوو پێشان بدات، ئەمە لەگەڵ (CD) كە بەڵگەنامەكانی تێدا بێت و لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی دارایی و بەڕێوەبەری بەشی وردبینی و سەرۆكی فەرمانگە یان وەزیر یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەتەوە، یان پارێزگار یان هەر كەسێك كە یاسا سەرپشكی كردبێت، واژوو كرابێت.
ئەوە لە كاتێكدایە دابەشكردنی مووچە لە عێراق دواكەوتووە، ئەمڕۆش ئەنجوومەنی ئابووری عێراق لەسەر ئەو بابەتەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی هەبوو، فەرمانی بە خەرجكردنی مووچە و سەرجەم پاداشتەكان دا.