بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دوودڵ نەمێننەوە لە بابەتی چەند دەنگۆیەك كە لەناو مووچەخۆراندا دروست بووە، "وشە" بەدواداچوونی كرد و هەواڵی پشتڕاستكراوە بڵاو دەكاتەوە.
دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە لە مووچەی ئەم مانگەدا، 9%ی مووچەی فەرمانبەران بڕاوە، چونكە ئەو 3%ی پێشتر بڕابوو، مووچەی مانگی 11 و 12یشی خراوەتە سەر بۆ مووچەی مانگی یەك، كە بڕیارە لیستی مووچەی مانگی یەك لە چەند سەعاتی داهاتوو رەوانە بەغدا بكرێ.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە كە لە مووچەی مانگی یەكدا 9%ی مووچەی فەرمانبەران بڕابێت و گوتی، ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە تەنیا لێبڕینی 3% ماوەتەوە كە چەند مانگێكە لە مووچە دەبڕێ.
هەمان سەرچاوە لەبارەی بڕینی هەزار دینار لە مووچەی فەرمانبەراندا گوتی، ئەوە بەشێك لە فەرمانبەران دەگرێتەوە كە لە بەرانبەر پوولی دارایی، لە مووچەی مانگی یەكدا هەزار دینار بڕاوە و تەنیا بۆ ئەم مانگە دەبێت.
بەپێی بە دواداچوونەكانی "وشە" ئێستە مووچەی فەرمانبەران خراوەتە سەر باركۆدی "كوردپاس" كە ئەپلیكەیشنێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، فەرمانبەران دەتوانن گۆڕانكاری لە مووچەكانیاندا ببینن، دوای كارابوونی ئەو لیستەیش لە ئەپلیكەیشنەكەدا، هێمایە بۆ ئەوەی چەند سەعاتی داهاتوو لیستی مووچە رەوانەی بەغدا دەكرێت.
ئەمڕۆ 27ی كانوونی دووەمی 2026، لیستی مووچەی فەرمانبەران هێشتا رەوانەی بەغدا نەكراوە، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆرەوە دابەشكردنی مووچە دوای ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو.