هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی دۆخی ناوخۆیی ئێران و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەكان و هەڕەشە سەربازییەكان لە لە لایەن ئەمەریكاوە، بەهای تمەنی ئێران لە نزمییەوە بەرەو نزمتر هەنگاو دەنێت، بەپێی چەند پێگەیەكی ئێرانی بەهای تمەن بۆ ئاستێكی پێوانەیی لە نزمییەوە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی روو چووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان.
ئەمڕۆ سێشەم نرخی
تمەنی ئێرانی بۆ زیاتر لە 151 هەزار تمەن بەرانبەر بە دۆلار دابەزی، بەوەش نزمترین ئاستی تا ئێستە تۆمار كرد، ئەوەش دوای ناڕەزایەتییە فرەوانەكان كە لە كۆتای ساڵی رابردوو لەو وڵاتەكە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و بژێوی هاووڵاتییان سەری هەڵدا و تەواوی شارەكانی ئێرانی گرتەوە و تا ئێستە زیاتر لە شەش هەزار كوژراو و دەیان هەزار گیراوی لێ كەوتووەتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی تر بەهای تمەن ئەمڕۆ سێشەم زۆر دابەزیوە و هەر دۆلارێك بەرانبەر بە 151 هەزار و 210 تمەن مامەڵەی پێ كراوە، لەو كاتەی نرخی غرامێك زێڕ گەیشتووەتە 18 ملیۆن تمەن، لە یەكێك لە خراپترین تەنگژەی ئابووری و دارایی رووی لە ئێران كردووە.
لە 10ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەر دۆلارێكی ئەمەریكا بە 108 هەزار تمەن دەفرۆشرا و نرخی دۆلار بەراورد بە نرخی ئێستەی تمەن زۆر زیادی كردووە، چاودێرانی ئابووری ئاماژە دەكەن ئەگەر بەهای تمەن زیاتر بشكێت و جارێكی تر ژمارەی پێوانەیی تۆمار بكات، كاریگەریی راستەوخۆ دەكاتە سەر رەوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران و لەوانەیە زیاتر پەرە بستێنن و دۆخەكە زیاتر لە كۆنترۆڵ بچێتە دەرەوە.