لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نرخی زەوی لە هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كردووە، بەگوێرەی قسەی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتن، 15% بۆ 20% نرخی زەوی دابەزیوە.
زانا هیوا، خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتن، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی زەوی بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەولێر رووی لە دابەزین كردووە، تا ئەمڕۆ لە هەندێك زەویدا 20%ی نرخەکەى دابەزیوە.
ڕوونیشی كردەوە، چەند هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی کە روو دەدات، نرخی دۆلار هۆكاری سەرەكییە، بەڵام لەپاڵ ئەوەیشدا ئێستە خەڵك بڕوایەكی لا دروست بووە كە پارە لە زەویدا نامرێنێت و وەبەرهێنانی پێ دەكات یان ئەو پارەی هەیەتی دەیدات بە شوقە و خانوو بۆ ئەوەی داهاتێكی مانگانەی دەست بكەوێ.
ئەو خاوەن نووسینگەیەی كڕین و فرۆشتن ئەوەیشی بیرهێنایەوە، كە ئێستە بەشێكی زۆر لە خەڵك خاوەنی زەوی خۆیانن بەتایبەت فەرمانبەران ئەوەیش خواستی لەسەر زەوی بەڕێژەیەكی زۆر كەم كردووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە سەردار ئازاد، خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتن، هۆكارێكی تری باس كردووە ئەویش ئەوەیە كە خاوەنی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی زەوی پارەكانیان لە زەویدا دەرهێناوە و ئێستە بازرگانی بە موڵكی ئامادەكراو یان زیو دەكەن.