هەر كیلۆیەك زێڕ دەفتەرێك گران بوو

:: AM:09:04:29/01/2026 ‌
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا و كوردستان گەیشتە بەرزترین نرخی كە لە مێژوودا تۆمار كرابێت، ئێستە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێك و 187 هەزار دینارە، كیلۆیەكیشی گەیشتە 18 دەفتەر.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی كانوونی دووەم، دانا كەمال خاوەنی زێڕنگری دونیا، بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، هەرچەندە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق نرخەكەی بەپێی نرخی جیهانی دادەنرێت.

زیاتر گوتی، دوێنێ‌ كیلۆیەك زێڕ بە 17 دەفتەر دۆلار بوو، ئەمڕۆ بەیانی نرخی كیلۆیەك زێڕ گەیشتە 18 دەفتەر دۆلار.

باسی لەوەش كرد، ئەو نرخەی ئەمڕۆ بۆ زێڕ لە كوردستان هەیە، بەرزترین نرخە لە مێژوودا تۆمار كرابێت.

بەگوتەی ئەو زێڕفرۆشە نرخی زێڕ بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:
 یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 1,356,000 دینارە
یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێك و 187 هەزار دینارە
یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە یەك ملیۆن و 10 هەزار دینارە

ئێستە لە بازاڕەكانی دنیا ئۆنسێك زێڕ گەیشتووەتە پێنج هەزار و 560 دۆلار.



وشە - رامیار جەواد