هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی دنیا، بەتایبەتی پێوەست بە ئەگەری هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ئەو ئاڵۆزییانەی چەند ناوچەیەكی دنیای گرتووەتەوە، هەروەها رێوشوێنە ئابووری و داراییەكان و گاریگەریی ئەوانە لەسەر بازاڕی نەوت و كڕینی زێڕ و زیو، ئەمڕۆ نرخی نەوت هەڵكشا و نرخی زێڕ و زیویش دابەزی.
ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی خاوی برێنت هەڵكشا و نرخی گرێبەستەكانی گەیشتە 70 دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەوەش گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی نزیكەی شەش مانگ، ئەو بەرزبوونەوەیەك لەناو بوونی مەترسی لەبارەی هێرشێكی سەربازیی ئەمەریكی بۆ سەر ئێران هات، كە چوارەم بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو رێكخراوی ئۆپێك و رۆژانە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت.
جۆن ئیڤانز شرۆڤەكار دەڵێت، ئەو هەڵكشانەی نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانییە بەرانبەر بە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی و بۆردمانكردنی وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز بە رووی تێپەڕبوونی رۆژانەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت.
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت 3.27 دۆلار بەرز بووەوە گەیشتە 71.67 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە و نرخەكەی بەرەو بەرزبوونەوەیە بە رێژەی 16% بۆ مانگی كانوونی دووەم، كە بەرزترین زیادبوونی مانگانەیە لە ماوەی چوار ساڵدا. نرخی خاوی رۆژئاوای تەكساسیش، 2.54 دۆلار بەرز بووەوە، واتە 4%، نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 65.85 دۆلار.
هەرچی نرخی زێڕە كە لە ماوەی دوایی هەڵكشانێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ پێنجشەم 5% دابەزی و نرخی ئۆقیەیەك گەیشتە 5109.62 دۆلار، كە گەورەترین دابەزینە لە ماوەی چەند هەفتەی دواییدا، هەرچی زیوە ئەویش نرخەكەی بە رێژەی زیاتر لە 5% دابەزی و نرخی ئۆقیەیەكی گەیشتە 109.71 دۆلار.