120 ملیارەكە بۆ بەغدا دێتە ناردن و لەم هەفتەیەدا مووچە خەرج دەكرێت

:: AM:09:39:31/01/2026 ‌
پرۆسەی وردبینیی مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كۆتایی هاتووە و بڕیارە لەم هەفتەدا خەرج بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پرۆسەی وردبینیكردنی لیستی مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە. هەرێمی كوردستان چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقە تا بە فەرمی داوای داهاتە نانەوتییەكان بكات.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، چاوەڕێین لەم یەك دوو رۆژەدا بڕیاری ناردنی مووچەی هەرێم بدرێت و وەزارەتی دارایش راستەوخۆ 120 ملیارەكە بنێرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت: هەر كاتێك لەلایەن بەغداوە ئاگادار بكرێنەوە، بەیەك ڕۆژ بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتیی بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی ئاشكرای كردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، حكوومەتی عێراق شایستەی دارایی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.

ئاماژەی بەوەش كردووە، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان سەرجەم پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی جێبەجێ كردووە، هیچ گرفتێك بۆ ڕەوانەكردنی پارەكە لە ئارادا نییە.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی پێنجشەم 29ی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، مووچە بە تەواوی دابین كراوە و دابەش دەكرێت، بۆیە بانكەكان رۆژی هەینی و شەموویش دەكرێنەوە و كاری خۆیان دەكەن.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رێكاریی وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەستی پێ كردووە، "لە حاڵەتی گەیشتنی تەواوی لیستەكان، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و ئەو لایەنەی كە لیستەكان رەوانە ناكات، ئەوا خۆی لە دواكەوتنی بەرپرسیارە".

چەند رۆژێك بوو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواكەوتبوو و رۆژی سێشەمی رابردوویش حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە كردووە.



وشە - سۆران عەزیز