روانگه‌ى ئیكۆى عێراق: 11%ى مووچه‌ى عێراق بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ده‌ڕوات

:: AM:10:18:31/01/2026 ‌
روانگه‌ى ئیكۆى عێراق ئاشكراى ده‌كات" 11.5%ى مووچه‌ى عێراق بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ده‌ڕوات و له‌ ساڵى 2025 له‌ كۆى 56 ترلیۆن دینار" شه‌ش ترلیۆن و 460 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 31ى كانوونى دووه‌م، روانگه‌ى ئیكۆى عێراق ئاشكراى كرد، كۆى مووچه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق شه‌ش ترلیۆن و 460 ملیار دینار بووه‌ له‌ كۆى 56 ترلیۆن كه‌ بۆ هه‌موو مووچه‌ى عێراق بووه‌. ئیكۆى عێراق كه‌ بایه‌خ به‌ كاروبارى ئابوورى عێراق ده‌دات ده‌ڵێ، "سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت پێنج ترلیۆن و 900 ملیار دینار وه‌ك مووچه‌ ده‌بات، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان 500 ملیار دینار، سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش 400 ملیار دینار". 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكى رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئه‌و خه‌رجییانه‌ خه‌یاڵین بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر حیسابى خزمه‌تى گشتییه‌كان كه‌ هاووڵاتییان راسته‌وخۆ پێویستیان پێیه‌تى. ئه‌مه‌یش به‌ فیرۆدانى سامانى گشتییه‌". هه‌ر له‌ به‌شێكى ترى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئه‌و دامه‌زراوانه‌ خزمه‌تگوزاریى نین، خزمه‌تگوزارییه‌كانیان به‌ هاووڵاتییان ناگات، له‌ كاتێكدا ملیۆنان  فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر كارى رۆژانه‌یان مووچه‌یه‌كى كه‌م وه‌رده‌گرن".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل