وەزارەتی دارایی عێراق بەخشینی دەرماڵەی خزمەتی زانكۆی راگرت

:: AM:10:36:31/01/2026 ‌
حكوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە زنجیرەیەك ڕێكاری توندی دارایی بۆ ڕێكخستنەوەی بودجە گرتووەتەبەر، وەزارەتی دارایی بڕیاری دا بەخشینی دەرماڵەی خزمەتی زانكۆ ڕابگرێت.

حكوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە زنجیرەیەك ڕێكاری توندی دارایی بۆ ڕێكخستنەوەی بودجە گرتووەتەبەر، ئەوەش دوای ئەو فشارانەی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و مەرجە نێودەوڵەتییەكان بۆ چاكسازیی ئابووریی ڕووبەڕووی بووەتەوە.

لە نوێترین بڕیاریدا وەزارەتی دارایی بڕیاری دا بە ڕاگرتنی بەخشینی دەرماڵەی خزمەتی زانكۆ دوای ڕێكەوتی 02-01-2026، جگە لەو ڕەزامەندییانەی كە پێش ئەم مێژووە دراون.

سەوسەن خەزیر خەڵەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی عێراق، لە فەرمانێكی كارگێڕیدا ڕای گەیاندووە: ئەم فەرمانە دوای بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دێت كە ئامانج لێی ڕێكخستنەوەی لایەنە داراییەكان و زیادكردنی داهاتی ناوخۆییە.

 دەرچوونی بڕیارەكە شەپۆلێكی ناڕەزایی لەناو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ دروست كرد، چونكە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی گشتگیریی مووچە لێكدرایەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی دا كە بڕیارەكە گشتگیر نییە و تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لەمەودوا ڕەزامەندیی وەرگرتنی دەرماڵەكەیان بۆ دەردەچێت، نەك ئەوانەی كە ئێستە سوودمەندن و پێشتر مافەكەیان بۆ چەسپێنراوە.

هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی بۆ كۆكردنەوەی خەرجی ناڕەزایی چین و توێژەكانی عێراقی لێ كەوتووەتەوە، لە بەشێك لە شارەكانی عێراق خۆپێشاندان كرا، بەڵام حكوومەت سوورە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی خەرجی، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كە ئێستە بەرۆكی حكوومەتی عێراقی گرتووە.



وشە - سۆران عەزیز