كڕین و فرۆشتن بە زیو لە ماوەی ئەم مانگە زۆر زیادی كردبوو، دابەزینی نرخەكەی لە پڕێك وایكرد زیانێكی یەكجار زۆر بەر ئەو هاووڵاتییانە بكەوێت بەهەر هۆكارێك بوونەتە كڕیاری گەورەی زیو.
ئەمڕۆ شەموو 31ـی كانوونی دووەم، شاخەوان مەمەد خاوەن دوو فرۆشگەی زێڕ و زیوە لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، كڕیارانی زیو لە دوو مانگی رابردوو زۆر زیادی كردبوو، كەسانێك بوونەتە بازرگان یان كڕیاری زیو كە پێشتر ئەو كارەیان نەكردووە.
زیاتر گوتی، دابەزینی نرخی زیو لە دوێنێ وایكردووە زیانێكی یەكجار زۆر بە كڕیاران بكەوێت و باسی سەتان دەفتەر دۆلار دەكرێت، دەبێت چاودێری ئەو كەسانەش بكرێت ئەو هەموو زیوەیان چۆن هاوردە كردووە.
هاوكات بەشدار بازیانی رۆژنامەنووس دەڵێت، لە دابەزینی نرخی زیو تەنیا دوێنێ لە هەولێر چەند بازرگانێك 210 دەفتەر دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.
باس لەوەش دەكات تا ئەوی زانراوە لە سلێمانیش 80 دەفتەر زیان هەبووە.
ئەوە لە كاتێكدایە باسی ئەو بازرگانانەش ناكرێت كە تازە پەیدا بوونە زەوییان فرۆشتووە بۆ مامەڵەی زیو، بۆ ئەوەی قازانجێك زۆر بكرێت كە ئەوانیش زیاتر لە 100 دەفتەریان زیان كردووە.