دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی لە ئەیلوولی 2025 بە تێكڕای 190 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەستی پێ كرد، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتەكە زۆر باش بەڕێوە دەچێت.
عەلی شەتری بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕگەیاندنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، ئەو قسانەی رەت كردەوە كە باسی بوونی كاری قاچاغی نەوتی لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پێشبینی كرد تێكڕای بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێم روو لە هەڵكشان بكات، ئەو روونی كردەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەكات و رێككەوتنی نێوان هەردوولا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت زۆر باش بەڕێوە دەچێت.
روونی كردەوە، هیچ كارێكی فرۆشتنی قاچاغی نەوت لە هەرێم نییە و یەك دڵۆپ نەوت لە هەرێم بێ سۆمۆ دەرناچێتە دەرەوە، تێكڕای هەناردنی نەوتی هەرێم بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا دەگاتە 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ئەوەشی لە بەرهەمهاتوو دەمێنێتەوە، لە ناوخۆی هەرێم بەكار دێت كە دەگاتە 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
شەتری ئاماژەی كرد، وەبەرهێنان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە زیادبوونە و پێشبینی زیادبوونی قەبارەی نەوتی بەرهەمهاتوو دەكەین، كۆمپانیاكەمان مانگانە لێوردبوونەوە لە داهاتی دارایی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات كە دەگاتە 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلار، و راستەوخۆ بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەچێت، ئێمەش بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت قەرەبووی كۆمپانیاكان دەكەینەوە وەك ئەوەی لە یاسای بودجە جێگیر كراوە، ئێستەش كۆمپانیایەكی راوێژكاریی دنیایی كار بۆ چاوخشاندنەوە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەكات و تاوتوێی دەكات، دووپاتی لەوە كردەوە كە رێككەوتنی هەردوولا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ئەگەری نوێكردنەوەی هەیە، چونكە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە.