ڕواندز و خەلیفان و سیدەكان و چۆمان و مێرگەسۆر كارەبایان دەبێتە 24 سەعاتی

:: PM:12:11:03/02/2026 ‌
تا مانگی سێ شارۆچكەكانی ڕواندز، خەلیفان، سیدەكان، چۆمان و مێرگەسۆر كارەبایان دەبێتە 24 سەعاتی.

پڕۆژەی رووناكی بەردەوامە لە رووناككردنەوەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بڕیار بوو لە مانگی یەكدا سنووری مێرگەسۆر و رواندز و سیدەكان و چۆمان كارەبایان بكرێتە 24 سەعاتی، بەڵام بەهۆی كەشوهەواوە كەمێك دواكەوت.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مانگی داهاتوو دەبنە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی و پڕۆژەی "ڕووناكی" تێیاندا جێبەجێ دەكرێت.

ئەردەوان ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سۆران ڕای گەیاند: هەموو ڕێكارە هونەرییەكانی سنووری ڕواندز، خەلیفان، سیدەكان، چۆمان و مێرگەسۆر تەواو بوون. 

هەروەها گوتی، بۆ مانگی سێ هەموو ئەو ناوچانە كارەبایان دەبێتە 24 سەعاتی و ئەوانیش وەك شارۆچكەكانی تر كێشەی كارەبایان نامێنێت.

پڕۆژەی ڕووناكی یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  كە بە بڕیاری مەسروور بارزانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستە جگە لە چوار پارێزگاكە و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، ناوەندی سۆرانیش كارەبایان بووە بە 24 سەعاتی.



وشە - سۆران عەزیز