سەرەڕای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لەلایەن ئەمەریكاوە، بەڵام نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئێستە نرخی بەرمیلێك نەوتی خامی برێنت لە بازاڕەكانی دنیا بە 67.89 دۆلار دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا دوو ڕۆژ پێش ئێستە بەرمیلێك بە 66 دۆلاری ئەمەریكی بوو.
جیا لە نەوتی برێنت كە نزیك بووەتەوە لە 68 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە نزیكەی 0.8% ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هاوكات نەوتی ڕۆژئاوای تێكساسی 63 سەنت بەرز بووەتەوە و نرخەكەی گەیشتە 63.84 دۆلار.
شارەزایانی
ستراتیجی وزە لە بانكی ئەی ئێن جی ئەمڕۆ چوارشەم ڕایان گەیاند، ناجێگیری لەبارەی ئاراستە و چارەنووسی گفتوگۆكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، وا دەكات بازاڕی وزە بەردەوام بێ لەسەر كەمێك بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە و ئەستەمە نرخەكەی جێگیر ببێت.
لەلایەكی ترەوە ساتۆرو یوشیدا شرۆڤەكار لە كۆمپانیای ڕاكۆتین بۆ كاغەزە داراییەكان گوتی، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێككەوتنی بازرگانیی نێوان ئەمەریكا و هیندستان، كە دەبێتە هۆی كۆتاهاتنی كڕینی نەوتی ڕووسی و بەردەوامی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا، بەردەوام مامەڵەی نرخی وزە بەرز و نزم دەكەنەوە و ڕێگە نادەن جێگیر ببێت، یان زۆر بەرز ببێتەوە.