گوتەبێژی كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، كۆمپانیاكەیان یاداشتێكی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنێكی سەرەتاییان لەگەڵ كۆمپانیای سووری بۆ نەوت كۆمپانیای یو سی سی قەتەری واژوو كردووە، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و غاز لە كەناراوەكانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.
هاوكات كەناڵی "
الاخباریە"ی سەربە حكوومەتی سووریا ڕای گەیاند، كۆمپانیای سووری بۆ نەوت ڕێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆن واژوو كرد. كەناراوەكانی سووریا كەوتوونەتە سەر دەریای ناوەڕاست و هەریەك لە ئیسرائیل و لبنان و میسریش، بەهەمانشێوە سنووری ئاویان لەسەر دەریای ناوەڕاست هەیە.
كۆمپانیای شیڤرۆن لەگەڵ ئیسرائیلیش گرێبەستی هەیە و بەرپرسی یەكەمی كێڵگەی لیفیاسانی زەبەلاحی غازە لە كەناراوەكانی ئیسرائیل، كە گەورەترین كێڵگەی وزەیە لە وڵاتەكەدا.
پێشتر لە 2013 كۆمپانیای سۆیۆز بۆ نەوت و گازی ڕووسی، ڕێككەوتنی لەگەڵ سووریا كرد بۆ دۆزینەوەی نەوت و غاز لە كەناراوەكانی سووریا، بەڵام پڕۆژەكە دوای دوو ساڵ هەڵوەشایەوە، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، تا ئێستە تەواوی نەوتی سووریا لە كێڵگەكانی وشكایی لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە دەردەهێنرێن كە كەوتوونەتە نزیك سنوورەكانی عێراقەوە، دیارترین كێڵگەی نەوتیش كێڵگەی عومەرە.
كۆمپانیای یو سی سی كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی گرووپی كۆمپانیاكانی پاوەر ئینتەرناشناڵی قەتەری، بەهەمانشێوە بەشدارە لەو گرێبەستە و بەهاوبەشی لەگەڵ شیڤرۆن لە كەناراوەكانی سووریا بە دوای نەوت و گاز دەگەڕێن.