وادەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دیاری كرا

:: PM:06:10:07/02/2026 ‌
بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەست پێ دەكات.

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڕیاری دا، زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێت، پڕۆسەكە زیاتر لە پێنج قۆناغی بڕیوە و زۆرینەی فەرمانبەر و مامۆستایانی هەولێر بوونە خاوەن زەویی خۆیان، ئێستە بڕیارەكە بەجۆرێكە كە فەرمانبەرانی گرێبەستیش بگرێتەوە. 

پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەموو، حەوتی شوباتی 2026 بڵاوی كردەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر مووچەخۆرانی گرێبەست و بڵاوبوونەوەی بڕیارەكە، لە 16ی ئەم مانگە سمینارێك بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەكان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری پڕكردنەوەی فۆڕم بن، چاوەڕێ دەكرێت لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە وردبینیكردنی ناوی گرێبەستەكان بكرێت، بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و زەوییان پێ بدرێت.

بەپێی ڕێنوێنییەكان پێویستە ئەوانەی لە زەوی وەرگرتن سودمەند دەبن، خزمەتی ھەشت ساڵی گرێبەستییان ھەبێت و پێشتر زەوییان وەرنەگرتبێت، لە دوو ھاوسەریش یەكیان زەوی وەردەگرێت.

ئەوەی پێشتریش خزمەتی كردووە، بۆ نموونە وەك وانەبێژ، ئەوەیان بۆ حیساب ناكرێت بەڵكو لەو كاتەوەی بوونەتە گرێبەست بە خزمەت بۆیان حیساب دەكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم