سعوودییەكان لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری لە كوردستان دەست بەكار دەكەن

:: AM:11:53:08/02/2026 ‌
شاندێكی بازرگانیی سعوودی لە هەرێمی كوردستانن، دەیانەوێ لە بواری  كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییەوە كار بكەن.

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم داوای لە بازرگانانی سعوودی كرد، لە بواری گەشتیاری لە كوردستان كار بكەن، چونكە كوردستان شوێنێكی گرنگە بۆ گەشتیاری، بۆ ئەم مەبەستەش كۆڕبەندێكی هاوبەشی لەگەڵ سعوودییەكان رێكخستووە.

هاوكات سعوودییەكان چاویان لەوەیە لە بواری كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری لە كوردستان دەستبەكار بن.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رای دەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان ئێستە ناونیشانی سەقامگیری و ناوەندێكی كراوەی بازرگانییە لە ناوچەكەدا. ئاماژە بەوەش دەكات، لە ساڵی 2025ـدا قەبارەی وەبەرهێنان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتـی شوبات، لە شاری هەولێر چالاكییەكانی كۆڕبەندی مێزی بازنەیی بۆ وەبەرهێنانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیە دەست پێ دەكات. 

ئەم كۆڕبەندە ئابوورییە كە لە هۆتێل رۆتانا بەڕێوە دەچێت، ئامانجی سەرەكیی بەهێزكردنی هاوبەشیی بازرگانی و كردنەوەی ئاسۆیەكی نوێیە بۆ وەبەرهێنەرانی سعوودیە لە هەرێمی كوردستاندا، تا بتوانن لە كەرتە جیاوازەكاندا پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی ئەنجام بدەن.

لەم بەشەدا تیشك دەخرێتە سەر پێوەندییە دووقۆڵییەكان و خواستی هاوبەشی هەردوولا بۆ گەشەپێدانی كەرتی وەبەرهێنان. 

هەروەها بە دروشمی وەبەرهێنان لە كوردستان، چەندان زانیاریی ورد و فیلمی دیكۆمێنتاری لەسەر ژینگەی كاركردن و ئەو ئاسانكاری و هاندەرانە دەخرێنە روو، كە یەكەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ كۆمپانیاكان دابینی كردوون.

بەشێكی گرنگی ئەم دیدارانە تەرخان كراون بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان وەزارەتەكانی حكوومەت و وەبەرهێنەران، تا وەڵامی هەموو پرسیارەكان لەبارەی رێكارە یاساییەكان و ئەو خزمەتگوزارییانە بدرێتەوە، كە حكوومەت بۆ لابردنی بەربەستەكانی بەردەم پڕۆژە گەورەكان پێشكەشی دەكات. 

هاوكات دەرفەتێكی فراوان بۆ گفتوگۆی نێوان كۆمپانیا سعوودییەكان و ناوخۆییەكان رەخسێنراوە، تا لە نزیكەوە ئاشنای كارەكانی یەكتر بن و ئاڵوگۆڕی دۆسیەی پڕۆژەكان و هاوئاهەنگیی راستەوخۆ بكەن.




وشە - سۆران عەزیز