پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگەی دووسایدی دوكان- چوارقوڕنە، لە ساڵی 2009وە بەردی بناغەی دانراوە و تا ئێستەش كاری تێدا دەكرێت، هێشتا 13%ی تەواو كراوە.
لە ساڵی 2009وە بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگەی دووسایدی دوكان- چوارقوڕنە دانراوە و نەتوانراوە تەواو بكرێت، لە هەڵبژاردنی پێشوو بەرپرسانی یەكێتی وەك هەڵمەتی هەڵبژاردن كۆمەڵێك وێنەیان بڵاو كردەوە كە پڕۆژەكە بەخێرایی كاری تێدا دەكرێت و تەواو دەبێت.
ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی ئیدارەی سلێمانی بوو، بەڵام دوای 16 ساڵ، تا ئێستە 13%ـی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە و كاركردن تێیدا بەردەوامە.
پڕۆژەی ڕێگەی دوكان- چوارقوڕنە درێژییەكەی 53 كیلۆمەترە و لە ساڵی 2009وە بەردی بناغەی دانراوە. بڕیار بوو پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ لەلایەن چەند كۆمپانیایەكەوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ساڵی 2012 یەكەم قۆناغی تەواو كرا و پڕۆژەكە ڕاگیرا، دواتر درایە كۆمپانیایەكی تر.
بەگوتەی محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی، دەبوو تا ئێستە كە 573 ڕۆژە كار لە قۆناغی دووەم دەكرێت، 17%ـی پڕۆژەكە تەواو بكرایە.